ئابووری دەستووری - Command economy

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-24-23:09:00 - کۆدی بابەت: 4815
ئابووری دەستووری - Command economy
ئابووری

سمیت بڕوای وابوو کە نێو چالاکییە ئابوورییەکاندا بەهرە و قازانجی زۆرتر بە کەسانێک دەگات کە لێهاتوویی و شارەزایی زۆرتریان هەبێ

ناوه‌ڕۆك

ئابووری دەستووری چییە؟

ئادام سمیت بنیاتنەری ئابووری سەرمایەداری بە ڕاشکاوی دەیزانی کە ئەم چەشنە سیستەمە دەبێتە هۆی نابەرامبەری ئابووری لە نێو چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا، بەڵام ئەو خۆی ئەم نابەرامبەرییەی بە دادوەرانە دەزانی، سمیت بڕوای وابوو کە نێو چالاکییە ئابوورییەکاندا بەهرە و قازانجی زۆرتر بە کەسانێک دەگات کە لێهاتوویی و شارەزایی زۆرتریان هەبێ، واتە کەسانێک سەرکەوتوون کە بتوانن کاڵایەکی لەبارتر بە نرخێکی هەرزانتر بخەنە نێو بازاڕەوە، بەڕای سمیت کۆمەڵگا بە دەستێوەردانی دەوڵەت لە نێو کاروبارە ئابوورییەکاندا ناگاتە بەختەوەری و ئاسوودەیی، بەڵکو ئەوە هەلومەرج و تایبەتمەندیەکی ترە ڕکەبەڕێی نێو بازاڕن کە بەختەوەری گشتی بۆ کۆمەڵگا لەگەڵ خۆیان دێنن. 

ئابووری دەستووری دەکەوێتە بەرامبەر ئابووری سەرمایەدارییەوە، سەرەتایی ئەم ئابوورییە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتایی سەدەی نۆزدەهەم، کاتێک ئەڵمانیا تووشی شەڕەکانی ناپلیۆن هات و دابەش کراو بوو بە سی و نۆ پارێزگای جیاواز کە لە باری ڕامیارییەوە نیوە سەربەخۆ بوون و لە باری ئابوورییەوە بە تەواوی سەربەخۆ بوون و لە نێوان خۆیاندا لەمپەری گومرکی زۆر توند و تۆڵیان هەڵچنی بوو، زۆر لە  بیرمەندان و ئابووریزانانی ئەو سەردەمە، بە تایبەت فردریش لیست، خولیای یەکێتی و یەکگرتوویی ئەڵمانی پێشوویان لە مێشکدا بوو، بەم بۆنەوە لیست دەستی دا بە بڵآوکردنەوەی کتێبێک لە ژێر ناوی سیستەمی نەتەوەیی ئابووری ڕامیار و ڕێبازی مێژوویی.

بەریتانیا لەو سەردەمەدا دەتوانین بڵێن کە بەهۆی کاڵای ڕێکوپێک و هەرزانەوە چەتری دەسەڵاتی خۆی بەسەر وڵاتانی تردا کێشابوو، لیست دەیزانی کە ئەڵمانیا بە ئابووری سەرمایەداری و بازاری ئازادەوە ناتوانێ دژی کاڵا بەریتانییەکان بێت، بۆیە هەندێ لە خاوەنانی پیشەسازی ئەڵمانیا بە گوێرەی بیروڕاکانی لیست داوایان لە حکومەت کرد کە بە دانانی هەندێ یاسای گومرکی بەر بە هاتنی کاڵآ هەرزانەکانی بەریتانیا بگرێ و لایەنگری و پشتگیری لە پیشەسازی ناوخۆ بکات. ئەم سیستەمە لە وڵاتە کۆمۆنیستی و سۆشیالیستییەکاندا درێژەی پێ درا و دەوڵەت بوو بە خاوەنی هەموو جۆرە کاڵا و پیشەیەک لە وڵاتانی مارکسیستیدا، لەم وڵاتانەدا دەوڵەتە گەڵاڵە بۆ سەرمایەکان دادەڕێژێ و بڕیاردەدا کە لە کوێدا خەرج بکرێن، تەنانەت زۆر سەرچاوە نەتەوەیی وەک سەرچاوە مرۆییەکان لە کوێ (کشتوکاڵ و پیشەسازی) خەرج بکرێن، زۆربەی خەڵکی بۆ دەوڵەت کار دەکەن، لە بەرامبەر دەوڵەت دەستەبەر دەبێ کە بۆ ئەندامانی کۆمەڵگا کار خانوو تەندروستی و پێداویستییەکانی تر دابین بکا، دۆزی سەرەکی سۆشییالیستییەکان دابەش کردنی بەرامبەر و دادوەرانەی سامان و سەرمایەی کۆمەڵگایە، بە وتەیەکی تر لە دووی ئەو شتەی کە مارکس کۆمەڵگای (بێ چینایەتی) پێ دەگووت. بەڵآم کێشەی ویست و ئەنگێزەی کرێکاران و گەندەڵی بەربڵاو و لە ڕادەبەدەری بەرپرسان و بەڕێوەبەران لە جڤاتە سۆشیالیستییەکاندا تەنیا لە سۆنگەی بیروبۆچوونی هەڵەی ئەم کەسانە لەمەڕ چۆنییەتی مرۆڤەوە نەبوو، بەڵکو بەڕێوەبردنی ناتەواو و پڕ لە هەڵە،  کە لە سەرەتایی ئابووری دەستووریدا جێبەجێ دەکرا، دەورەی سەرەکی لە هەڵوەشاندنەوەی ڕشتەی کارەکاندا بوو، نەبوونی کۆنتڕۆڵی زاتی، کە لە تایبەتمەندییەکانی ئابووری بازاڕی ئازادە، دەست و باڵی بەڕێوەبەرانی دەزگا و بنکەکانی بۆ ئەوەی بە ویستی خۆیان  ئاڵ و گڕی بەسەردا بێنن و ئاوەڵا هێشتبوو و قەد و ئاسەواری کارەکانی خۆیان نەدەنەوە.


سەرچاوەکان



591 بینین